سوودانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی قەیرانی کارەبا ئەنجامدا
  • TEBA KURDİ
  • ئابووری
  • سوودانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی قەیرانی کارەبا ئەنجامدا

سوودانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی قەیرانی کارەبا ئەنجامدا

ته‌مموز 11, 2023 08:54
سوودانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی قەیرانی کارەبا ئەنجامدا
0

لایک

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا درەنگانی شەوی رابردوو، وەزارەتی نەوتی حکومەتەکەی راسپارد، جێگرەوەیەک بۆ غازی سروشتی ئێران بدۆزیتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا و راشیگەیاند، ” حکومەتی ئێستا، لەوەتەی بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، هۆکارە ڕاستەقینەکانی قەیرانی کارەبای دەستنیشانکردووە و کار بۆ پەرەپێدانی چارەسەر لە سێ ئاستدا کردووە”.
 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، درەنگانی شەوی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بەمەبەستی بەدواداچوونە بۆ دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا و پەرەپێدانی چارەسەرە بۆ قەیرانی لەناکاو لە دابینکردنی تۆڕی نیشتمانیدا.


لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکانی دۆزینەوەی چارەسەری جێگرەوە و خێرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی راوەستانی هاوردەی غازی ئێران کرا .

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکانی دۆزینەوەی چارەسەری جێگرەوە و خێرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی راوەستانی هاوردەی غازی ئێران کرا و لەو رووەوە سەرۆک وەزیران دوپاتیکردەوە، حکومەتی ئێستا، لەوەتەی بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، هۆکارە ڕاستەقینەکانی قەیرانی کارەبای دەستنیشانکردووە و کار بۆ پەرەپێدانی چارەسەر لە سێ ئاستدا کردووە، چارەسەری خێرا و مامناوەند و درێژخایەن، بەو پێیەی چارەسەرە خێراکان نوێنەرایەتی تەواوکردنی پڕۆژەکانی چاککردنەوە و تەواوکردنی وێستگەکان و چالاککردنی سیستەمی ساردکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لابردنی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی کارەبا دەکات.

محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن حکومەتەوە گیراونەتەبەر گەیشتونەتە ئاستی لوتکە بە زیادکردنی بڕی بەرهەمی کارەبا بۆ 26 هەزار مێگاوات، کە بەرزترین بەرهەمە لە مێژووی وڵاتدا، بەڵام سەقامگیری ئەم بەرهەمهێنانە وابەستەی بارودۆخی بەردەوامی غازی ئێران بوو، جەختیشی لەوەکردەوە، “سزاکانی ئەمریکا و پابەندنەبوون بە میکانیزمی پێدانی باجی غاز کە لە ساڵی 2018دا لەسەری ڕێککەوتوون بووە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی غاز و بەمەش بەرهەمهێنانی غاز بە ڕێژەی زیاتر لە نیوە دابەزی و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی بەرهەمهێنانی نیشتمانی هەبووە”.

سودانی ئاشکراشیکردوە، “حکومەت بەردەوامە لە پلانە مامناوەندەکانی کە یەکەمیان جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال واژۆکراون، هەروەها گرێبەستەکانی مۆڵەتپێدانی خولی پێنجەم کە بەشدار دەبن لە دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ غازی هاوردەکراو”.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە و چارەسەری خێرا، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دابینکردنی سوتەمەنی بە مۆلیدە ئەهلییەکان بە خۆڕایی یان بە نرخێکی ڕەمزی کرا، هاوکات جەختیشی لەسەر بەردەوامبوونی حکومەت لەهەوڵەکانی کردەوە، بۆ هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستان و قەتەرەوە.

سوودانی وەزارەتی نەوتی راسپارد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو مۆڵەتانەی کە لە خولی پێنجەمەوە ماون و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی وزە و جەختی لە گرنگی خێراکردنی وەبەرهێنان لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و کارکردن بە پەلە لەسەر وزەی خۆر کردەوە و پڕۆژە نوێیەکان کردەوە.

En az 10 karakter gerekli