بازرگانێکی بیانیی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرا و بڕی (11) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کۆکایین) دەستی بەسەردا گیرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد “دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و کۆکردنەوەی زانیاری دروست، لە ئەنجامی پرۆسەیەکی بەدواداچوونی چەند هەفتەیی، لە چالاکییەکدا تیمی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، لە بەرواری 08-11-2024، لەناو شاری هەولێر توانیان بڕی (11) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کۆکایین) دەست بەسەردا بگرن”.
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەو بڕە ماددەی هۆشبەرە، لە وڵاتی غینیاوە بۆ هەرێمی کوردستان – عێراق هێنرابوو و لەم چالاکییەدا بازرگانێکی بیانی دەستگیر کرا کە چەند ساڵە لەم جۆرە بازرگانییە گڵاوە”.
تۆمەتبار، وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە “پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.”