وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان وەک یەکێتی داوایان نەکردووە کورسی پێکهاتەکان لاببرێت، بەڵکو داوایان کردووە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەهیچ جۆرێک یەکێتی لە سکاڵاکەیدا باسی هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکانی نەکردووە لە پەرلەمانی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەک یەکێتی داوای ئەوەیان کردووە هەرێم بکرێت بە چوار بازنە و کورسی کۆتاکان دابەش بکرێت بەسەر ئەو چواربازنەیەدا.
پێشتریش، عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یەکێتی داوای دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکانی کردووە بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا و هیچ سکاڵایەکی لەسەر پێکهاتەکان نەبووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، 11 کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی هەرێم هەڵوەشایەوە و بەپێی بڕیارەکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی فرەبازنەیی دەبێت.