خانەی منداڵانی ساوا لە هەولێر کرایەوە

خانەی منداڵانی ساوا لە هەولێر کرایەوە

كانونی دووه‌م 25, 2024 17:13
خانەی منداڵانی ساوا لە هەولێر کرایەوە
0

لایک

بیرۆکەی خانەکە لەلایەن لقی هەولێری مانگی سووری عێراقییەوە پێشکەشکراوە و، خانەکە لەلایەن بنەماڵەی خێرخواز حاجی فەیزوڵڵا محەمەد بە بڕی 120 هەزار دۆلار دروستکراوە و مانگی سووری تورکی ئەرکی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی بە بڕی 30 هەزار دۆلار لە ئەستۆ گرتووە، شوێنی 35 منداڵ دەبێتەوە و، لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە خزمەت منداڵانی بێ سەرپەرشت.

خانەی منداڵانی ساوا تایبەتە بەو منداڵانەی تەمەنییان لە سفر بۆ چوار ساڵە و ئەم خانەیە لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمە کە لەلایەن خێرخوازێکی شاری هەولێر دروستکراوە و کەلوپەل و پێداویستییەکانیش لەلایەن مانگی سووری تورکی دابین کراوە.

بیرۆکەی خانەکە لەلایەن لقی هەولێری مانگی سووری عێراقییەوە پێشکەشکراوە و، خانەکە لەلایەن بنەماڵەی خێرخواز حاجی فەیزوڵڵا محەمەد بە بڕی 120 هەزار دۆلار دروستکراوە و مانگی سووری تورکی ئەرکی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی بە بڕی 30 هەزار دۆلار لە ئەستۆ گرتووە، شوێنی 35 منداڵ دەبێتەوە و، لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە خزمەت منداڵانی بێ سەرپەرشت.

لە رێوڕەسمێکدا یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتی: “ئەم خانەیە تایبەتە بە مندڵانی تەمەن سفر بۆ چوار ساڵی کە بەداخەوە ئەو منداڵانەی بە ھۆکارێک دایک و باوکی خۆیان لەدەستداوە، ئەرکی سەرپەرشتی ئەو منداڵانە لە ئەستۆی ئێمەدایە وەکو حکومەت، بۆیەش کردنەوەی ئەم خانەیە زۆر گرنگە و لەمەودوا منداڵانی تەمەن سفر بۆ چوار ساڵ لە پارێزگای ھەولێر دەبنە خاوەن ماڵی تایبەتی خۆیان و ستافی تایبەتمان ھەیە بۆیان، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم منداڵانە لە ژینگەیەکی ئارامدا بژین و بەشێوەیەکی سرووشتی گەشە بکەن”.

یوسف چاوشین وتیشی: “ئێمە پێمانوابوو منداڵی تازە لەدایکبوو تا تەمەنی چوار ساڵی لەڕووی ئەقڵ و جەستییەوە جیاوازە بۆیەش دەبێت خانەی تایبەت بەخۆیانیان ھەبێت، ھۆکارێکی دیکە کە ئێمەی ھاندا بۆ ئەوەی ئەم خانەیە بکەینەوە، پەسەندکردنی خێزانی جێگرەوە بوو لە ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمەوە، ئەوکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ھۆبەی خێزانی جێگرەوەمان دامەزراند، تاکە بەربەستێک لەبەردەم ئەم سیستەمە نەبوونی خانەیەکی تایبەت بوو کە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ ئەم خانەیە دەکەینەو”.

هەر لە رێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر وتەیەکی پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی خێرخوازان و مانگی سووری تورکی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

لە رێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر وتی: “لەماوەی چەند ساڵی رابردوو کۆمەڵێک گرفت ھەبوو کە رووبەڕووی ئەو منداڵانە دەبووەوە (منداڵانی تازە لە دایک بوو تا تەمەنی چوار ساڵی) کردنەوەی ئەم خانەیە دەکەوێتە خزمەتی ئەو ئازیزانە و ھیوادارین کە ھیچ منداڵێک پێویستی بەم شوێنە نەبێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆر بابەتی دیکەی مرۆیی هەبوون،لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن”.

ئومێد خۆشناو وتیشی: “لەماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا یەکێک لە خانەی بەساڵاچووان لە ھەولێر دەکرێتەوە کە زۆر تایبەتە و بە کوالێتییەکی بەرز دروستکراوە، هاوکات لە شەقامی 120 مەتری شاری هەولێریش پڕۆژەیەکی دیکە لە واری جێبەجێکردندایە کە منداڵی تازە لەدایکبوو لە خۆ دەگرێت تا زانکۆش تەواو دەکات”.

هەر لە رێوڕەسمەکەدا، مەولود یاقوت، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم وتی: “زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەم و مانگی سووری تورکی ھەڵساون بە بەشداریکردنییان لە دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە، ئەمە ئەزموونێکی زۆر گرنگە کە لێرەم لەگەڵ منداڵە چاوگەشەکان، وەکو کۆنسوڵخانەی تورکیا شانازی دەکەین کە مانگی سووری تورکی توانی ئەم پڕۆژەیە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات و ھەمیشە گرنگیدانمان بە بابەتی مرۆیی دووپات دەکەینەوە، ئەو پڕۆژانە نموونەیەکە، سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم پڕۆژەیەدا ماندووبوون، مانگی سووری تورکی دامەزراوەیەکە کە لە وڵاتانی دونیا یارمەتی پێشکەش دەکات، هاوکات حکومەتی ھەرێمیش تا ئێستا توانیوویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو یارمەتییەکانی بۆ ھەموو ئەوانەی بە ھەر شێوازێک لە شێوازەکان پێویستیان پێیەتی، پێشکەش بکات”.

مانگی سووری تورکی کە ئەرکی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی لە ئەستۆ گرتووە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە شاری هەولێر هەڵوێستیان هەبوو کاتێک بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات لە تورکیا روویدا و، دووپاتی پەیوەندییەکانیشان لەگەڵ هەولێر دەکەنەوە.

یەنار تاڵک، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مانگی سووری تورکی لە رێوڕەسمەکەدا وتی: “ھیوادارین ئەم برایەتی و دۆستایەتییە نێوانمان بەردەوام بێت، ھەروەک دەزانن ساڵی رابردوو بوومەلەرزیەک لە چەند شارێکی تورکیا روویدا، لەم کاتە سەختەدا حکومەتی عێراق و بەتایبەتی شاری ھەولێر ھاوکاری کردین و پاڵپشتیان کردین و ئەم ھەڵوێستە لە دڵی ئێمەدایە، ئەمڕۆش لێرەدا لە کردنەوەی ئەم شوێنە و دابینکردنی پێداویستییەکانییان و ئەوەی ئێمە کردوومانە شتێکی کەمە بەڵام وەکو پاڵپشتییەک بۆ دووپاتکردنەوەی دۆستایەتی ئێمەیە”.

En az 10 karakter gerekli