وتەبێژی وەزارەتی دارایی راگەیاند، لە 18ـی ئەم مانگەوە حکومەتی عێراقی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات و بەو پێیە بێت، لە هەفتەی داهاتووەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەگات و دابەش دەکرێت.
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، چەند رۆژێکی دیکە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، لە هەفتەی داهاتووش دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و لەو وادەیەشدا پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێردرێت.
هونەر جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بێت بۆ لەومەودوا کێشەی مووچەی فەرمانبەران کۆتایی هاتوە و دواناکەوێت، لە سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا دوپات کرایەوە کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەرکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە حکومەتی عێراقی کردوە بۆ خەرجکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراقی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەداونەتەوە.