ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

كانونی دووه‌م 10, 2024 20:48
ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
0

لایک

ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێم كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێشوازیى لە هەوڵەکانی لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ دەکات، کە رێگرن لە بەرانبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی عێراق، سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردووش “به‌غداد دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی هەرێم خەرج بکات”.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغداد خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر مووچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵ و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کە پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێم ده‌ڵێت، “دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاری پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی لە بواری میلاکی وەزیفیی و نەوت و داهات وخەرجیە نەوتیی و نانەوتییەکان ده‌كه‌ین، لە هەمانکاتدا خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە کە رێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت”.

سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە “حکومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو موچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم رووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی رێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم رێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ”.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌ڵێت، “ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە”.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لە بارەی رێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی رێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لە سەر رێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، مه‌سرور بارزانی وێڕای راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی رێگا و شەقام و شوێنە گشتییەکان وەک موڵکی گشتیی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتییان بگەیەنێت بە گوێرەی ئەو رێکار و میکانیزمانەی لە ناو یاسای پاراستنی رێگا گشتیەکان هاتوون، لە هەمانکاتدا داواشی کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت، لەم رووەوە ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی راسپارد موڵکیی گشتی و رێگا و شەقامەکان لە هەر زێدەڕۆییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتییانە.

En az 10 karakter gerekli