لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەکات سبەی بە خولەکێک راوەستان لەگەڵ سرودی ئەی ڕەقیب بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر بکرێت.
رۆژی شەممە (20ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “بەمەبەستی سەرکۆنەکردنی تاوانی هێرشکردنە سەر هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و بریندارەکانی، رۆژی یەکشەممە (21ـی کانوونی 2024)، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی وەزارەتی پەروەردە، خولەکێک راوەستان لەگەڵ سروودی ئەی رەقیب بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم ئەنجام بدرێت”.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن وتارێک پێشکەش بکەن لەبارەی ئەو ستەم و تاوانە کە هیچ بیانوویەکی نەبووە و نییە، هەروەها جەخت لە گەیاندنی پەیامی خۆڕاگریی و ئیرادە بەرزی کوردستانییان و ئاشتیخوازی بکەنەوە.