ئەنجومەنی وەزیران: هیچ بیانویەک نەماوە لەمە زیاتر پشکی هەرێم دوابخرێت
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • ئەنجومەنی وەزیران: هیچ بیانویەک نەماوە لەمە زیاتر پشکی هەرێم دوابخرێت

ئەنجومەنی وەزیران: هیچ بیانویەک نەماوە لەمە زیاتر پشکی هەرێم دوابخرێت

ئاب 2, 2023 18:29
ئەنجومەنی وەزیران: هیچ بیانویەک نەماوە لەمە زیاتر پشکی هەرێم دوابخرێت
0

لایک

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکەدا داوا لە هێز و لایەنە کوردستانییەکان دەکات هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە سەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم، دەشڵێت، “هیچ پاساو و  بیانویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدڕاڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر دوا پێشهات و پەرەسەندنەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی مووچە و بەشە بودجەی هەرێم و ڕێڕەوی دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد و وتی، “هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردوە و بەم شێوەیەش، هیچ پاساو و  بیانویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدڕاڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە بنێرێت”.

ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هێز و پارت و لایەنە کوردستانییەکان دەکات کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە سەر داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ناو بودجەدا جێگیرکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا وگرانیی بەنزین لە هەرێم و هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەمبارەیەوە، کە لەلایەن کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە دوو توێی ڕاپۆرتێک خرایەڕوو، ئاماژەی  بە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی بەنزین و ئاسانکارییەکانی وەزارەت بۆ هاوردەکردنی بەنزین و هاندانی  پاڵاوگەکان بۆ پاڵاوتنی زیاتری نەوتی خاو بۆ دابینکردنی بەنزین.

سەبارەت بە کارەباش، وەزیری کارەبا ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەیدا بۆ باشترکردنی ڕەوشی خزمەتگوزاریی کارەبا و هەوڵدان بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانیی و ئەو پڕۆژانەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ڕابردوو بەم ئاراستەیە ئەنجامدراون، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای هەڵسەنگاندنی هەوڵ وپڕۆژەکانی هەردوو وەزارەت، وەزیری ڕاسپارد کە لە ڕێکار و هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دابینکردنی کارەبا و سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیان و هەموو ئاسانکارییەکیش لەم ڕوەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی پێدانی پارە بە شێوازی  ئەلکترۆنی E- Payment و “پڕۆژەی هەژماری من” لە لایەن عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە هاوکارانی کە بەشدارن لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەکە، بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران وێڕای سوپاسکردنی تیمی جێبەجێکاری پڕۆژەکە وتی، “سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیران دەکەم کە لە کابینەی پێشوش کاری لە سەر بە دیجیتاڵکردن کردووە، هەروەها سوپاسی وەزیری دارایی دەکەم بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی پڕۆژەی (هەژماری من)” جەختی لەوەش کردەوە کە “دەبێت تەواوی وەزارەتەکان پشتگیری پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بکەن، کە ئەمە بنەمایەکە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابوری، کە لە ڕێگەی کاراکردن و بەهێزکردنی بانکەکانەوە، ئابووریی وڵات زیاتر پێش دەکەوێت و جموجۆڵی ئابووریش پەرە دەسەنێت”.

مەسرور بارزانی دەڵێت، “پێشخستنی سیستەمی بانکی بەپێی ستانداری نێودەوڵەتی و بەڕەچاوکردنی تازەترین پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، لە ناویشیاندا پێدانی پارە و خەرجکردنی مووچە، بنەمایەکی سەرەکی پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئابوورییە و لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و حکومەت و کەرتی تایبەتیشە”.

سەرۆک وەزیران هەمو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆژەی (هەژماری من)بن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییەی لە بواری سیستەمی بانکییەوە دەستی پێکراوە خێراتر بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتویەکی نزیکدا کە لە کۆتایی ساڵی 2025 تێپەڕ نەکا، تەواوی خزمەتگوزارییەکان ببنە دیجیتاڵی و مامەڵەکردن بە کاش سنوردار بکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێم دووپاتکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا پشتیوانی لەو ھەنگاوە بکەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، لەم ڕوەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و ئامادەسازییەک کە لە ئەستۆی حکومەت بێت.

En az 10 karakter gerekli