سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاسایی بوونەتەوە، لە دوو ھەفتەی داھاتوودا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچێت و بڕیارە لەماوەی دوو ھەفتەی داھاتوودا ھیچ کێشەیەک نەمێنێت و پەیوندییەکانی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکە ئاسایی ببنەوە.
لە کاتێکدا پێشتر دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاریدا بە پچڕاندنی پەیوەندیکردنی نێودەوڵەتی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بەپاساوی ئەوەی کۆمپانیاکە بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە.
رۆژی 1 تشرینی دووەم دەستەی راگەیەندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ھەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و ئەسیری ئاگادارکردەوە، ھەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک رابگرن، تا ئەو کاتەی کۆمپانیای کۆڕەک ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.