یەکێتی: تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە کە شوێنی شایستەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • یەکێتی: تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە کە شوێنی شایستەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک

یەکێتی: تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە کە شوێنی شایستەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک

ئاب 12, 2024 22:09
یەکێتی: تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە کە شوێنی شایستەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک
0

لایک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت کە “برا تورکمانەکان” هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە شوێنی گونجاو و شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک.

رۆژی دووشەممە، 12-08-2024 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی کرد لەدوای هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە رۆژی 10ـی ئابی 2024، لە هۆتێل رەشید لە بەغداد، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی، سێ ئەندامی عەرەب و ئەندامەکەی کریستیان هەڵبژێردران.

بەپێی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: “ئەم سەرکەوتنە بەتەنیا هی یەکێتی و کورد نییە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ هەموو کەرکووکییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە.”

لە کۆبوونەوەکەدا هاتووە، “بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە حکومەتی خۆجێی و ئیدارەدانی کەرکووک کرایەوە و جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکە؛ شوێنی گونجاو و شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکووک. یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانە و رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات.”

یەکێتی داوا لە لایەنەکان دەکات کە لە ئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و با پێکەوە بەشداربن لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکووک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان.

لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی “هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە هەرچەندە پارێزگای ئێستای کەرکووک بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەکێتییە، بەڵام پێویستە دوور لەهەر باوەڕێکی حیزبی یان نەتەوەیی خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.” و باس لەوەشکراوە کە “کەرکووک تەنیا نەبێتە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیش ببێتە نموونەیەکی جوان بۆ عێراق و ناوچەکە.”

En az 10 karakter gerekli