ئێران داوا لە هاووڵاتیانی دەکات وەتسئەپ و ئیسنتاگرام بەکارنەهێنن

ئێران داوا لە هاووڵاتیانی دەکات وەتسئەپ و ئیسنتاگرام بەکارنەهێنن

حوزه‌یران 17, 2025 17:39
ئێران داوا لە هاووڵاتیانی دەکات وەتسئەپ و ئیسنتاگرام بەکارنەهێنن
0

لایک

دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران داوا لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەکات وەتسئەپ و ئیسنتاگرام بەکارنەهێنن.

 ئەمڕۆ سێشەممە 17ی حوزەیرانی 2025، کەناڵی دووی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، وەتسئەپ و ئینستاگرام خەریکە زانیاری تاکە کەسی و زانیاری لە سەر شوێنی مانەوەی هاووڵاتییان بۆ ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.

 ئەو کەناڵە داوا لە خەڵک دەکات ئەو دوو ئەپلیکەیشنە بەکارنەهێنن و لە سەر مۆبایلەکانیشیان رەشی بکەنەوە یان لانیکەم ئەم ماوەیە بەهیچ جۆرێک بەکاریان نەهێنن. 

 بە گوێرەی کەناڵەکە، ئیسرائیل لەو رێگەیەوە دەستی بە زانیارییە تاکەکەسییەکان دەگات و هەربۆیە دەبێت زۆر هۆشیار بن. 

 بەیانی ئەمرۆش بە بڕیاری ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران، بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پاسەوانەکانیان قەدەخە کرا.

 ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی ڕایگەیاند: “شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتی حەپەسێنەر روودەدەن”.

 هەروەها بە وتەی باڵیۆزی ئیسرائیل، “سوپرایزەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت”.

 هاوکات ئۆپەراسیۆنی پەیجەر ئاماژەیە بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی 3000 کەسی دیکە.

 ئیسرائیل لە رۆژی هەینییەوە دەستی بە هێرش بۆسەر ئێران کردووە و دەڵێت، ئامانجی رێگریکردنە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئامانجێک کە ئێران رەتی دەکاتەوە کاری بۆ بکات.

En az 10 karakter gerekli