نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، سوودانی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی ڕەشنوسی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوودانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کوتلە سیاسییەکان و وەزیرانی دەرەوە و نەوت و پیشەسازی و ڕاوێژکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەیەک لە لە ڕاوێژکار و پسپۆڕانی تەکنیکی و یاسایی کۆبوونەوەکەیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین بڕگە و ماددەکانی ڕەشنوسی یاسای نەوت و گاز کرا، بۆئەوەی بخرێتەڕوو کە لیژنە تەکنیکی و یاساییەکان کاریان لەسەر چی کردوە، کە لەئێستادا لەکارەکانیان سەرقاڵن وەک ئامادەکارییەک بۆ پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و پێشکەشکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆئەوەی بەپێی چوارچێوەی یاسایی و دەستوری یاسا پەسەند بکرێت.
لە میانی دیدارەکەدا سوودانی دوپاتیکردەوە، “رەشنوسی یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە یاسا بنەڕەتی و گرنگەکان، نوێنەرایەتی فاکتەرێکی بەهێزی و یەکڕیزی دەکات بۆ عێراق کە ساڵانێکە گیری خواردوە، لەکاتێکدا کە وڵاتی ئەمڕۆیە پێویستییەکی زۆر بە دەرکردنی ئەو یاسایە هەیە و بەمەبەستی سودمەندبوون لەسامانی سروشتی وڵات”، ئەو یاسایەشی بە بەشێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکاندا وەسفکرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشیخستەڕوو، بەشێک لە پارێزگاکان تا ئەمڕۆ سەروەت و سامانی خۆیان وەبەرنەهێناوە، ئەمەش بە پرسێکی نەرێنی دادەنرێت بۆ هەموو هەوڵەکانی گەشەپێدان.
سوودانی روونیشیکردەوە، یاساکە بەشێکە لەو پابەندبوونە بە بەرنامەی وەزاری کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە و ڕەچاوی بنەما دەستورییەکان دەکات بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نەوت و پێشخستنی واقیعی ئابووری لە لایەنە جۆراوجۆرەکانییەوە و هەروەها بەشێکیش دەبێت لە چاکسازی ئابووری کە حکومەت وەک هەنگاوی یەکەمی دایناوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاراستەی پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، هەروەها بانگهێشتی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی بەسرە، میسان، کەرکوک و زیقاڕ و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیا نەوتییە حکومییەکانی کرد، بۆ گفتوگۆ تەکنیکییە بەردەوامەکان سەبارەت بە یاساکە، بەمەرجێک ئەو گفتوگۆیانە بەدوایدا تەواوکردنی گفتوگۆی سیاسی بێت.