دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بڵاوی کردەوە، بەهۆی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن، هاتووچۆی پاس و ئۆتۆمبێل لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ماوەی 15 رۆژ رادەگیرێت. دەشڵێت، هاتووچۆ بە پیادە ئاسایی دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بڵاوی کردەوە، ئاگاداری سەرجەم گەشتیارانی هەرێمی کوردستان-عێراق و ئێران دەکەنەوە بەتایبەت ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران یان هەرێمی کوردستان-عێراق بکەن، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل رادەگیرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن، هاتن و چوون بە پاس و ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی 15 رۆژ رادەگیرێت.
ئەوەش خراوەتەروو، هاتوچۆی گەشتیاری بە پیادە و بەبێ ئۆتۆمبێل بەشێوەی 24 کاتژمێری بە شەو و رۆژ ئاسایی دەبێت.