سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای نیشتمانیی ئاوی کرد و رایگەیاند، “کەمی ئاو قەیرانێکی جیهانییە و تەنها لە عێراقدا سنووردار نییە و چارەسەرکردنیشی نابێت تەنها لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاودا سنووردار بکرێت، هەروەها پێویستی بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان هەیە بە خێرایی”.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی لێژنەی باڵای نیشتمانی ئاوی کرد، بە ئامادەبوونی وەزیرانی سەرچاوەکانی ئاو، بیناسازی، نیشتەجێکردن، شارەوانی، کشتوکاڵ و ژینگە، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی دەستەی راوێژکاران.
لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کەمی ئاو لە عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر واقیعی مرۆیی و کشتوکاڵی کرا، هەروەها میکانیزمەکانی پاڵپشتیکردنی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە پلانەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو خرانەڕوو، گفتوگۆش لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەو چوارچێوەیەدا کرا.
سوودانی جەختی لەوەکردەوە، “کەمی ئاو قەیرانێکی جیهانییە و تەنها لە عێراقدا سنووردار نییە و چارەسەرکردنیشی نابێت تەنها لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاودا سنووردار بکرێت، هەروەها پێویستی بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان هەیە بە خێرایی”.
وتیشی، “قەیرانی ئاو پێویستی بە چارەسەری یاسایی و جێبەجێکردن هەیە کە پشت بە وتوێژ لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و بەرژەوەندی هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا دەبەستێت”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەت بە میکانیزمی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو رایگەیاند، پێویستی کارکردن لەسەر بەڕێوەبردنی ئاوی بەشێوەیەکی پیشەیی و بیرکردنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کارکردن لەسەر کۆمەڵێک چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی کەمی ئاو کە یەکێک لە رێگاکانی پەنابردنەبەر ئەوەی لەڕێگەی تەکنەلۆژیای پاککردنەوەوەوە، سوود دووبارە لە بەکارهێنانی ئاوی ئاودێری وەربگیرێت و زیادەڕۆیی سەر رووبارەکانیش لاببرێن.