نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا دەکات

حوزه‌یران 24, 2023 16:37
نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا دەکات
0

لایک

بڕیارە سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا بکات و لەگەڵ راوێزکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدارو کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کردووە و راشیگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا دەکات و لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە کە لەماوەی یەک هەفتەی رابردوو بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان جوڵە و سەردانی دیپلۆماتیی گرینگیان ئەنجامدا، ئامانج تێیدا پتەوکردنی زیاتری پێگەی هەرێمی کوردستانە لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە و نێودەوڵەتیی، هەروا پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانە لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کەلتوورو ڕۆشنبیری.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە سەردانی هەفتەی رابردووی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دراوە.

ئەوەش هاتووە کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا چەندین شاندی باڵای ئەمریکی و هۆڵەندی و بەریتانی و نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم دیدار و کۆبوونەوەی فەرمیان ئەنجامداوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە سەردانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد بۆ ئەمریکا و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا، ئەندامانی کۆنگرێس، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتیی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و جێگری وەزیری ناوخۆی ئەمریکا کراوە.

هەر لەماوەی ئەم هەفتەیە بەرێز سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت جولەیەکی دیپلۆماسی بۆ هەندێ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدا.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی دیدار و کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ هەر یەک لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، جێگری وەزیری دەرەوەی هۆلەندا، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا، سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز، بەرپرسی سیاسەتی ئاسایش لە وەزارەتی دەرەوەی هۆلەندا ئەنجامدا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە مەبەست لەم سەردان و دیدار و کۆبوونەوانە گەیاندنی پەیامی حکوومەتی هەرێم بوو لەمەر پرسە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و هەوڵێک بوو بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوڕووپا لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەڵمانیا بکات و لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

En az 10 karakter gerekli