لە چوارچێوەی رێکارەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی لە ئێران، شانێکی سعودیە لە تارانە و بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و سعودیە دەستپێبکاتەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندیكی وڵاتهكهی دەچێتە سعودیە.
ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دوای رێککەوتنمان لەگەڵ سعودیە، رێوشوێنەكانمان بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانە و كۆنسوڵگەرییەكان دەستپێكردووە”.
وتیشی، ئێستا شاندێكی سعودیە لە ئێرانە بۆ گفتوگۆکردن و گرتنەبەری رێوشوێنەكانی كردنەوەی نوێنەرایەتیی سعودیە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا شاندی ئێران دەچێتە ریاز تا کارەکانی کردنەوەی کۆنسوڵگەرییەکەی تەواو بکات.
6ی ئهم مانگه، سعودیە و ئێران بە سەرپەرشتی چین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، کە 7 ساڵ لەمەوبەر پچڕا، هەردوو وڵات و چین لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە 10ی ئازاردا رایانگەیاند، رێککەوتنەکە لەماوەی 60 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت.
ناکۆکییەکانی سعودیە و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، چونکە دوای ئەوەی سعودیە کەسێکی ئایینی شیعە مەزهەبی بە ناوی نەمر ئەلنەمر لەسێدارەدا، خۆپیشاندان لە ئێران ئەنجامدرا و نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیەش کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری هاووڵاتیانی ناڕازی.