چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ڕایگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە چەند لیستێک بەشداریی دەکات.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێكەوتی 21ـی نیسانی 2025، هاوپهیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی 225ـهمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی هادی عامری ئەنجام دا و دووپاتی كردهوه هەڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق لە 11-11-2025 ئەنجام دەدرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت، بڕیار دەدات بە چەندین لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکات و لە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن بگەڕێتەوە بۆ یەک هاوپەیمانی پەرلەمانی لە ژێر ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی.
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیاریکراوە، بەڕێوە ببات.
ئەمە لە کاتێکدایە، سێشەممە، 08-04-2025، هاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی لەوە کردەوە “پێویستە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵە، بەڕێوە بچێت.”