پانۆرامای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ناوخۆیی و دەرەکی لە بەغداد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پانۆرامای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ناوخۆیی و دەرەکی لە بەغداد

پانۆرامای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ناوخۆیی و دەرەکی لە بەغداد

سەرۆکی هەرێم بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی 42ـەم ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر چووە بەغداد. هەر لەوێدا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای حیزبی و حکومی كۆبووه‌وه‌

نیسان 9, 2023 09:05
پانۆرامای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ناوخۆیی و دەرەکی لە بەغداد
0

لایک

دوای ئەوەی رۆژی شەممە 08-04-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی 42ـەم ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر چووە بەغداد. هەر لەوێدا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای حیزبی و حکومی كۆبووه‌وه‌.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە پشتگيريى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ تێپه‌ڕاندنى پڕۆژەياساى بودجه‌ى گشتيى عێراق کردەوە.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى هه‌رێمى بۆ سه‌رۆكوه‌زيران و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌نگاوه‌كانى سوودانى و كار و هه‌وڵه‌كانى كرد بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكومه‌ت و رێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت.

لاى خۆيه‌وه‌ سوودانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى نێچيرڤان بارزانى و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق:

سەرۆکی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی پرسە ئەمنی و سیاسییەکان و پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقیان کرد؛ هەردوولا رێککەوتنی هەولێر(ئەربیل) و بەغدادیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە “هەنگاوێکی ئەرێنی” لە قەڵەم دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، “هه‌ردوولا رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدايه‌ و هيوايان خواست رێگه‌ خۆش بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ديكه‌ى هه‌ولێر ـ به‌غداد”.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا جه‌ختيان له‌ پێويستيى پاراستنى سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى عێراق كردووەتەوە، “هه‌روه‌ها لێكگه‌يشتن و گفتوگۆيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ رێگه‌ى راست له‌ قه‌ڵه‌م دا”.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی 40 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق کۆبووەتەوە.

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە سەرۆکایەتیی هەرێم دەڵێت، “بيروڕايان ده‌رباره‌ى دۆخى گشتى و دوايين پێشهاته‌كان و رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت، گۆڕييه‌وه‌”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، “هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى رۆڵى ئه‌رێنيى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له لێكنزيككردنه‌وه‌ى بۆچوونه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ پێويستيى پشتگيريى هه‌مووان بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكومه‌تى فيدراڵيى كرده‌وه‌”.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبووه و بيروڕايان ده‌رباره‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى گشتيى عێراق گۆڕييه‌وه‌ كه‌ ئێستا بۆ ده‌نگدان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌ گرنگيى ده‌رچوواندنى ياساكه‌ كه‌ رۆڵێكى كاريگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ى دۆخى دارايى و ده‌سپێكردنه‌وه‌ى كار و پرۆژه‌كان.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان خسته‌ به‌رباس و جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدانى رێكاره‌كانى جێبه‌جێكردنى كرده‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ دواكه‌وتنى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌، كاريگه‌ريى نه‌رێنى له‌سه‌ر ته‌واوى داهاتى گشتى عێراق ده‌بێت.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداد و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمە:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ درێژه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ به‌غداد، له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى ره‌وتى حيكمه‌، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سياسيى وڵات و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر به‌غداد و دوا رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت، تاوتوێ كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كرا.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ خه‌ميس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى سياده‌، دوا پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداد و کارنامه‌ی حکومه‌تی فیدراڵیی عێراقیان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختيان له‌ هاريكاريى هاوبه‌شى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراق و گرنگیی پشتگيرييان له‌ حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ سه‌رخستن و جێبه‌جێکردنی ته‌واوی كارنامه‌كه‌ى كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ سه‌قامگیری و ماف و شایسته‌کانی هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق دابین بکات.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسێکی دیکه ده‌رباره‌ی دۆخی گشتیی وڵات و ڕه‌وشی پێکهاته‌کانی عێراق، خرانه‌ به‌رباس.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ نورى مالكى، سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى ده‌وڵه‌تى ياسا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و ئاڵنگارييه‌كانى قۆناغه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ته‌بايى و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراقدا كرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان و دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى وڵات به‌ گيانێكى به‌رپرسيارانه‌ى نيشتمانى.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداد و تاوتوێكردنى دۆخى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق:

سەرۆکی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و رێککەوتنی هەولێر و بەغدادیان لەبارەی هەناردەی نەوت تاوتوێکرد.

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ ئه‌لينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێم، هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان و رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق ده‌رباره‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتيان تاوتوێ كرد و به‌ “هه‌نگاوێكى ئه‌رێنييان زانى”.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

En az 10 karakter gerekli