لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کۆ بووەوە و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، نابێت بە هیچ شێوەیەک مۆبایل ببرێتە ژوورەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024 لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کۆبووە و چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد.
هێمن میرانى، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆى هەرێمى کوردستان-عێراق رایگەیاند “لە رۆژى دەنگداندا هاتووچۆى نێوان شارەکان ئاسایى دەبێت و قەدەغەى هاتووچۆ راناگەیەندرێت”.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆى هەرێم ئاماژەى بەوە کرد “نابێت بەهیچ شێوەیەک دەنگدەر مۆبایلی زیرەکی پێبێت و دەنگدەر بە تەواوەتى ئازادە لەوەى دەنگ بە چ لایەنێک و بەربژێرێک دەدات”.
وتیشى “هاونیشتمانی ئازادە دەنگ بەکێ دەدات و کەس بۆی نییە ناچاری بکات”.
روونیشیکردەوە “گواستنەوەی میمۆرییەکان تەنیا لە رێگەی ئاسمانییەوە دەبێت”.
ئاماژەى بەوە کرد “دەبێت رۆژنامەنووس باجی تایبەت بە کۆمیسیۆنی پێبێت”.
جەختیشیکردەوە “هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بەڕێوەدەچێت و هیچ نیازێک نییە بۆ دواخستنی”.