وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵیت، بەردەوامبوونیان لە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا “بێ مانایە” و ئەمریکا بە هاوبەشی ئیسرائیل دەزانێت لەو هێرشانەی کراوەتە سەریان.
رۆژی شەممە 14ی حوزەیران، ئیسماعیل بەقایی لەبارەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا ڕایگەیاند: “دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لایەنی بەرامبەمان کارێکی کرد کە گفتوگۆکردن هیچ واتایەکی نەمێنێت”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەبێ ئەوەی ناوی ئەمەریکا بهێنێت وتی: “ناکرێ هاوکات بانگەشە بۆ دانوستان بکەیت و لە لایەکی دیکەوە کارەکان دابەش بکەیت”.
ئەمەریکا و ئێران پێنج گەڕی دانوستانیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئەنجامداوە و هەفتەی رابردوو ڕایانگەیاندبوو رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران گەڕی شەشەمی هەڵبژاردنەکەیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردە سەر چەندین ناوەندی سەربازیی و ئەتۆمی ئێران و بەهۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران، هاوکات ئێوارەی رۆژی هەینی ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکان سەتان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و تاوەکو ئێستا شەڕەکە بەردەوامە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجی هێرشەکانی خستەڕوو و وتی: “ئەو هێرشانە بۆ رێگریکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات و هاوکات ئامانجمان لێی ئیفلیجکردنی توانا مووشەکییەکانی تارانە، تا ئامانجەکەمان بە تەواوەتی نەپێکین، لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین.