ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-09-2024، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی لە ئانل بۆرا ئينان، باڵيۆزى نوێى توركيا له عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵيۆزى نوێى توركيا له عێراق کردووە و هيواى سهركهوتنى له ئهركى نوێیدا بۆ خواستووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی، کرایەوە”.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە “تایبەت بوو بە پرۆژەی ستراتیجيی ڕێگەی گەشەپێدان، کە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و ئەوروپا دەبەستێتەوە. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەم پرۆژە گرنگەدا”.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا “ئاماژە بە تاوانی کوشتنی گەشتیارێکی دهۆک لە ئیستانبول کرا و وێڕای نیگەرانی دەربڕین بەرانبەر ڕوودانی ئەم تاوانە و پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکە، باڵیۆزی تورکیا دووپاتی کردەوە کە تاوانباران دەستگیرکراون و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی هەر کێشە و ئاستەنگێک، کە بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانیان بۆ تورکیا دێتە ئاراوە”.