بەیانی ئەمڕۆ ئاگربەستی کاتی غەززە کۆتایی هات و لە نوێترین هەنگاویدا سەبارەت بە قەیرانی ئیسرائیل و حەماس، کۆشکی سپی رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ درێژکردنی ئاگربەست لە غەززە.
ئەمڕۆ هەینی، 1-12-2023، کاتژمێر 8:00ی بەیانی دووەم درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کۆتایی هات و هەوڵەکانی ئەمریکا، قەتەر، میسر و دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ درێژکردنەوەی بۆ چەند رۆژێك یان لانیکەم یەک رۆژ، بەردەوامن.
لە رۆژی هەینی رابردووەوە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی 4 رۆژ راگەێندرا و تێیدا دەیان بارمتە و دیل لەلایەن هەردوو لاوە ئازاد کران.
بەرگریی ئیسرائیل سوورە لەسەر “دەستپێکردنەوەی شەڕەکە و کۆتایی هێنان بە حەماس”؛ هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئێستا لە ئیسرائیلە رایگەیاند، ” ئەمریکا لەگەڵ ئاگربەستی گشتی و بەردەوامدا نییە بەڵکو تەنیا پشتگیری لە ئاگربەستی کاتی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بە غەززە-یە”.