بەڕێوەبەرایەتی ئاشایشی سلێمانی دهڵێت لە سنووری سلێمانی دەستیان بەسەر چەند باخێکدا گرتووه و دوای پشکنین و گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەستگیراوه بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و بەڵگەی دروستکردنی هێزی نایاسایی لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایهن بەڕێوەبەرایەتی ئاشایشی سلێمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەسەر چەند جێگا و باخێکی جیاواز لە سنووری سلێمانی کە کاری نایاسایی تێدادەکرێت و چەندین کەسی لە یاسا هەڵهاتووش خۆیان تێدا حەشارداوە، پاش لێکۆڵینەوەی ورد، پاڵپشت با یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، بڕیاردرا سەرجەم ئەو باخ، شوێن و جێگایانەی کە بۆ مەرامی کاری نایاسایی، خراپەکاری و کۆکردنەوەی هێز لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان بەکارهێنراوە دەستی بەسەردا بگیرێت”.
بەڕێوەبەرایەتی ئاشایشی سلێمانی دەڵێت: “دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری تایبەتمەند هێزێکی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەکان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە هەشتی ئاداری ٢٠٢٣، لە سنووری سلێمانی دەستیان بەسەر چەند باخێکدا گرت و دوای پشکنین و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دەستگیرا بەسەر چەندین لولەی بێدەنگی چەک (کاتم سەوت)، دەرمانی نایاسایی و بەڵگەی دروستکردنی هێزی نایاسایی لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێم. هەروەها چەندین تۆمەتباریش دەستگیرکران کە بەشێکیان پێشتر لەلایەن دادگاوە داواکراوبوون”.
ئەوەش هاتووە کە ئەم کەیسە رێڕەوی یاسایی وەرگرتووە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بارەیەوە دەستی پێکردووە.