وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ بنیاتنانەوەی سنجار و گێڕانەوەی ئاوارەکان تەرخانکردووە. دەشڵێت، “بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە“.
ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ سنجار تەرخانکردووە لە چوارچێوەی بنیات نانەوەی قەزاکە و گێڕانەوەی ئاوارەکان.
باسی لەوەشکرد، 40 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان هەن و جگە لە ناوەندی پارێزگای موسڵ هیچ کەمپێکی ئاوارەکان لە هیچ پارێزگایەکی عێراقدا نەماوە.
دەشڵێت، وەزارەتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە ئیدارەی کەمپەکانی هەرێمەوە نییە و تەنها پاڵپشتییان دەکات و خۆراک و پێداویستییان بۆ دابین دەکات.
ئیڤان فایەق وتیشی، بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان پەیوەندیدارە بە بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی سنجار.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی شەڕی داعشەوە هاوڵاتییانی چەند پارێزگا و قەزا لە عێراق، بەتایبەتی پارێزگای موسڵ و قەزای سنجار لە ساڵی 2014وە ئاوارە بوون و لە ئێستادا کەمپی ئاوارەکان تەنها لە هەرێمدا ماوەتەوە و سەرجەم کەمپەکان جگە لە کەمپی هۆڵ لە موسڵ داخراون.