ھەر یەک لە پارتەکانی تەقەدوم، جەماھیری نیشتمانی، ھەروەھا ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی، فراکسیۆنی سەدارە، پڕۆژەی نیشتمانی عێراقی و فراکسیۆنی دەستپێشخەری، گەورەترین فراکسیۆنیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند کە لە ٥٥ ئەندام پێکھاتووە و ئاماژەیان بەوەشدا کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەربژێرێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەو شەش لایەنە سوننەیە ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە، گەورەترین فراکسیۆنیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکھێناوە کە لە ٥٥ ئەندام پێکھاتووە.
ڕاشیانگەیاندووە کە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەربژێرێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان بکەن، ئەوەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و تەواوکردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
بەڵام ئەو شەش لایەنە سوننەیە لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژەیان بە ناوی ئەو کەسە نەکردووە کە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێری دەکەن.
ھاوکات بەپێی ئەوەی لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ھاوپەیمانی عەزم و ھاوپەیمانی سەروەریی سیادە، وەک دوو پێکھاتەی سوننەکان ڕایانگەیاندووە کە پاڵپشتی لە بەربژێرکردنی مەحمود مەشھەدانی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ سێشەممە، ھەر یەک لە ھاوپەیمانی سیادە، ھاوپەیمانی عەزم، فراکسیۆنی عەقد و ئەندامە سەربەخۆ سوننەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نووسراوێکی ھاوبەشیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کردووە و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە کە بڕیاریان داوە لە ڕوانگەی ڕێزگرتن لە یاسایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی، ناوی بەربژێرانی پێشوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی نوێنەران وەک خۆیان بمێننەوە.
ھەروەھا لە نووسراوەکەدا باسیان لەوە کردووە کە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرپشک و ئازاد کراون، لەوەی دەنگ بە کام بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدەن.
ھەر لە نووسراوەکەدا، ھاوپەیمانی سیادە، ھاوپەیمانی عەزم، فراکسیۆنی عەقد و ئەندامە سەربەخۆ سوننەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیان کردووەتەوە لەسەر ڕێزگرتن لە بژاردەی پێکھاتەکان و پاراستنی نەریتە سیاسی و دەستوورییەکان کە پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێی لەسەر بونیات نراوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەدیھێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ھاوسەنگییە سیاسییەکان، بەتایبەتیش کە ئێستا ھەمووان لەبەردەم بەردەم بەرپرسیارییەتییەکی نیشتمانی و مێژوویی دان، بۆ پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسییەکان.
ڕاشیانگەیاندووە کە پاڵپشتی لە بەربژێرکردنی مەحمود مەشھەدانی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا بەپێویستیان زانیوە کە ھەنگاو بە ئاراستەی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بنرێت، بە ئامانجی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن.
ڕۆژی ١٤ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق، ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا، لایەنە سوننەکان نەیان توانیویانە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە پشکی ئەوانە، لەنێویان خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، نەیتوانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکاتەوە، ئەوەش دوای دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆک گەیشتە گەڕی سێیەم و بەھۆی گرژییەوە دانیشتنەکە دواخرا، ڕکابەرییەکە لە نێوان بەربژێری پارتی تەقەدووم، مەحموود مەشھەدانی و و بەربژێری ھاوپەیمانیی سەروەریی، سالم عیساوی مایەوە و ھیچ کامیان لە گەڕی یەکەم و دووەمدا، دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێنا.