شەوی رابردوو ژمارەیەک نەوجەوان لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر(ئەربیل)، هەوڵی هەڵاتنیان دا و جگە لە یەکێکیان سەرجەمیان دەستگیر کرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، شەوی رابردوو شەش بەندکراوی نەوجەوان لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان هەوڵی هەڵاتنیان داوە، چوار لەو نەوجەوانانە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و لەناو گرتووخانەکە دەستگیرکراون.
دوو بەندکراوەکەی دیکەش چوونەتە دەرەوەی زیندانەکە، یەکێکیان دەستگیر کراوەتەوە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەوی دیکەدا دەگەڕێن.
ئەو بەندیخانەیە سەربە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە. وەزارەتەکە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی چۆنێتی ئەو هەوڵی هەڵاتنەی زیندانیان پێکهێناوە.