عێراق: ئەمەریکا ئێمەی لە هێرشەکان ئاگادار نەکردووتەوە و 16 کەس کوژراون
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • عێراق: ئەمەریکا ئێمەی لە هێرشەکان ئاگادار نەکردووتەوە و 16 کەس کوژراون

عێراق: ئەمەریکا ئێمەی لە هێرشەکان ئاگادار نەکردووتەوە و 16 کەس کوژراون

شوبات 3, 2024 14:17
عێراق: ئەمەریکا ئێمەی لە هێرشەکان ئاگادار نەکردووتەوە و 16 کەس کوژراون
0

لایک

حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە ئەمەریکا لە هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگاداری کردبێتەوە و دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانەوە 16 کەس کوژراون و 25 کەسیش برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممە، 03-02-2024، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەنداروێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ئەمەریکا “دەستدرێژییەکی نوێی بۆ سەر سەروەری عێراق ئەنجامدا” بەوپێیەی هەردوو ناوچەی “قائیم و عەکاشات” و ژمارەیەک شوێنی سڤیلنشینی لەنێو عێراق کردووەتە ئامانج.

بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە ئەنجامی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا، 16 کەس کوژراون، 25 کەسی دیکەش برینداربوون و، زیانی زۆر بەر خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل گەیشتووە.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریکی رایانگەیاندووە کە حکومەتی عێراقیان لە ئەنجامدانی هێرشەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامانج لەو قسانەی بەرپرسانی ئەمەریکا “چەواشەکردنی بیروڕای گشتی نێودەوڵەتی و رەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی یاسایییە بەرامبەر بەم تاوانەی” ئەنجامی داوە.

عەوادی دووپاتیکردووەتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە، لاداوە و، وەکو خۆی دەڵێت، “بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و، پاساوێک بۆ تێوەگلانی عێراق لە و ململانێیە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان”.

عەوادی وێرای ئاماژەدان بەوەی، ئەم هێرشانەی ئەمەریکا، بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری عێراق تێکدەدەن، دەشڵێت، “عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک یەکلاییکردنەوەی ململانێیە نێودەوڵەتییەکان و نمایشکردنی هێزی ئەو وڵاتانەی نەیاری یەکدین”.

En az 10 karakter gerekli