بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە.
بەرێوەبەرایەتی کەشناسی ئاشکرای کرد ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئاسمان بە گشتی بە نیمچە هەور دەمێنێتەوە. بەهۆی کاریگەریی ناسەقامگیریی کەشوهەوا، لە ناوچە جیاجیاکان پێشبینی نمە بارانی کورتخایەن دەکرێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند و هەورە تریشقە دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە نزمبوونەوە کردووە.
سەبارەت بە سبەی چوارشەممە کەشناسی هەرێم دەڵێت، ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان بە نیمچە هەور دەمێنێتەوە. پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە کەمێک بەرز دەبنەوە و لە هەندێک شوێنی دیکە کەمێک نزم دەبنەوە.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە، نزمە پاڵەپەستۆیەکی نوێ ڕوو لە ناوچەکە دەکات، کە دەبێتە هۆی بارانبارین و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، هەروەها بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و لوتکە بەرزەکان دەبارێت. کاریگەریی ئەم شەپۆلە ناسەقامگیرە تا ڕۆژانی هەینی و شەممە بەردەوام دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە
هەولێر(ئەربیل): ١٩پلە
سلێمانی: ١٨پلە
دهۆک: ١٧پلە
هەڵەبجە: ١٩پلە
گەرمیان: ٢٢پلە
زاخۆ: ١٨پلە
سۆران: ١٦پلە
چەمچەماڵ: ١٩پلە
حاجی ئۆمەران : ٨پلە