دوێنێ دووشەممە، ٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، مەسعود بارزانی لە پیرمام، پێشوازی لە تۆم باراک نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد.
لە دیدارەكەدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان-عێراقیش ئامادە بوو، تۆم باراک وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ مەسعود بارزانی، پێزانینی بۆ رۆڵی مەسعود بارزانی هەبوو لە رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات.
ئاماژەشی بەوە دا، بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و رێنوێنیی مەسعود بارزانی وەربگیرێت، هەروها تۆم باراک جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.
هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی لەبارەی عێراقیش رایگەیاندووە، پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و عێراقیش رەچاو بكرێت.
هەر لەدیدارەکەدا، مەسعود بارزانی دووپاتی كردەوە، حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی ١٤٠ و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.
لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش مەسعود بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت، كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش مەسعود بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆك وەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.
پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون و مەسعود بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.