مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی و ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری بەرامبەر بەدینار لەبازاڕەکان خستەڕوو و راشیگەیاند، “بەرزبوونەوەی دۆلار کاتیە”.
مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، “دووبارە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار لەبازاڕەکانی ناوخۆ کاتیە و زۆر ناخایەنێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند رۆژێکدا جارێکی تر بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار روو لەدابەزین دەکات، بەجۆرێکیش دەبێت کە دەچێتە نرخی فەرمی یان نزیک دەبێتەوە لەنرخی فەرمی کە 100 دۆلار بەرامبەرە بە 132 هەزار دینار.
ئەوەشیخستەڕوو، بەرزبوونەوەی کاتی بەهۆی قاچاخکردنی دراو لەلایەن باندەکانی تاوانی رێکخراوەوەیە لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیەوە، بەڵام رێوشوێنی توندی حکومی و ئەمنی هەیە بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەم باندانە، بۆیە ئەم نرخە لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخەکە کەمدەبێتەوە.
نرخی دۆلار ئەمڕۆ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بەجۆرێک بەهای 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 148 هەزار، ئەمەش جارێکی دیکە ترسی بەرامبەر بەدیناری عێراقی لەبازاڕەکان دروستکرد.