پۆلیسی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) کوژرانی دوو کەس و دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار لە ناحیەی رزگاری رادەگەیەنێت، کە لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
دوێنێ چوارشەممە، ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر ٨:٠٠ـی ئەمشەو لە سنووری ناحیەی رزگاری، بەهۆی بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، کەسێک تەقەی لە چەند کەسێکی دیکە کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی (زوهێر موستەفا بوزو) و (محەممەد یوسف مەلا فەرخ) گیانیان لەدەست داوە.
پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بەوە دا، کە تیمەکانیان بە خێرایی و دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و توانیویانە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، هاوکات هەردوو تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکەیان بە ناوەکانی (ی. م. ع) و (ع. ی. م) دەستگیر کردووە.
پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) جەختی کردووەتەوە، کە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا ناوە و، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان بەردەوامن.