دادگای فیدراڵی جارێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دواخست.
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاربوو دادگای فیدڕاڵی عێراق دوو سکاڵای بەرامبەر هەرێم تاوتوێبکات، یەکەمیان پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان- عێراق.
هاوکات تەوەری دووەمی دانیشتنەکە بڕیاربوو، تاوتوێی سکاڵای کۆمپانیای گشتی بازگانی خۆراکی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراکی هەرێم بکرێت، بەهۆی نەگەڕانەوەی پارەی بەشە خۆراکی هاووڵاتیان لە ساڵی 2004 بۆ 2021 بۆ حکومەتی ناوەندی.
شایەنی باسە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 6/11/2022 کۆتایی پێهات، پاش سێ ڕۆژ لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا تەمەنی پەرلەمان تا کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە، ئەمەش بە ئامانجی کارکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی پێنج جار دانیشتنی لەبارەی ئەم کەیسەوە دواخستووە و ئەمە بووە جاری شەشەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دوابخرێت.