بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران باس لە پرسی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان کرا و ئاماژە بەوەکراوە، “هەرێمی کوردستان هەمو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستور و ئەو ڕێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردوە. بەڵام لە دەرەوەی دەستور و ڕێککەوتننەکان، دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە ڕوی دەستوریەوە، گۆڕانکاریی لە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم ڕێگاپێدراو نییە”.
ئەوەش هاتووە “ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڵێنیداوە، پێداچونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموار کراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن وپێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستوریەکانی خۆی بەجێگەیاندوە و هیچ بیانو و پاساوێکیش بۆ هەر ڕێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە”.
لە بەشێکی دیکە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستور لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکور – لجنة شؤون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک كرا.
ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نوسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و ڕاگرتنی خێرای هەمو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جوتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستویی نیە.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ڕاسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جوتیارانی کورد و تورکمان کە ڕێگرییان لێ دەکرێت.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت