سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە

كانونی دووه‌م 22, 2024 20:34
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە
0

لایک

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە عێراقە و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دەستپێکردووە. لەگەڵ سەرۆککۆمار باسی لە پرسی ئەمنی و ئاو و پارێزگای سلێمانی کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 22-01-2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار لە کۆشکی بەغدا لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و شاندی یاوەری کۆبووەتەوە و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان کردووە.

سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان، وەک لە راگەیەندراوی سەرۆککۆماردا هاتووە، “سەرۆککۆمار جەختی لە بایەخی هەماهەنگی و و راوێژ کردەوە بە تایبەت لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە.”

لەتیف رەشید ئاماژەی بەو بابەتە هاوبەشانە کرد، کە هەردوو وڵات لە بوارەکانی مێژوویی، ئابووری، بازرگانی و کولتووریدا بەیەکەوە گرێدەدەن و “جەختی لە گرنگی گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرس و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، کە هەردوولا خاوەنی سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی گەورەن و پێویستە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت بۆ ئەوەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنرێت”.

سەبارەت به پرسی ئاو، سەرۆککۆمار باسی لە پێویستی رێککەوتنی نێوان هەردوولا کردووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لەبری ئەو بەردانەوە پچڕپچڕەی، که لەلایەن تورکیاوە لە کاتە جیاوازەکاندا دەکرێن. هیوای خۆی بۆ کاری پێکەوەیی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش پیشاندا، سەبارەت بە پێویستی راستەقینەی عێراق و تورکیا بۆ ئاو لەپێناو دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، هەروەک بۆ زانینی سروشتی ئەو پڕۆژانەی لەسەر هەردوو رووباری دیجلە و فورات دروستدەکرێن.

سەرۆک کۆمار باسی لەو دۆخە کرد، کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە لەوانە جەنگ و گەمارۆ و تیرۆر و ئەو قوربانیدانانەی لەپێناو “عیراقێکی دیموکراسیدا” دراون. جەختی لەوەشکردەوە، کە حکومەت کاری لەپێشینەی خۆی دیاریکردووە بۆ درێژەدان بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری سەرەڕای هەندێک پێشێلکاری ناوخۆیی و دەرەکی.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار “تیشکی خستەسەر ئەو پێشێلکاریانەی دەرهەق بە پارێزگای سلێمانی و شارەکانی دیکە دەکرێن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات روونکردەوە، کە ئەو دۆخە پێویستی بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە هەیە لەچوارچێوەی بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی هاووڵاتیانی”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەردۆغان دەیەوێت سەردانی عیراق بکات، بەڵام سەردانەکەی بەهۆی دۆخی غەززەوە دواخراوە.

ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بەوەشداوە، کە وڵاتەکەی کاردەکات بۆ پەرەپێدانی ئەو پڕۆژانەی پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کرابوون بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی عێراق پشکی ئاوی خۆی بەدەستبهێنێت، هەروەها لیژنەی هاوبەش هەیە لەسەر ئەم پرسە و هیوادارن پێکەوە کار بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.

En az 10 karakter gerekli