وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بێ بەرامبەر ڤیزا دەداتە هاووڵاتییانی چەند وڵاتێک، کە بە مەبەستی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، سەردانی عێراق دەکەن.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی سەردانیکارانی یادی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن بە تایبەت بۆ پارێزگای کەربەلا، رایگەیاند “عێراق بەبێ بەرامبەر، ڤیزا دەدەنە هاووڵاتییانی پاکستان، ئەفغانستان، لوبنان و یەمەن، کە دەیانەوێت بۆ یادی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق بکەن، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە دەتوانن لە رێگەی هەر نێردەیەکی دیکەی عێراقیشەوە داواکاری بکەن.”
سەحاف دەڵێت “سەردانیکارانی پاکستان دەتوانن لە رێگەی باڵیۆزخانەکەمانەوە لە شاری ئیسلام ئاباد و بەبێ بەرامبەر ڤیزای عێراق وەربگرن.” هەروەها نێردەکانیان لە تاران و کرماشان و ئەهوازەوە بەبێ بەرامبەر ڤیزا دەدەنە هاووڵاتیانی پاکستان و ئەفغانستان، ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی عێراق بکەن.
سەبارەت بە سەردانیکاران لە هیندستانەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، نێردەکانیان لە هەریەک لە شارەکانی دێلهی و مۆمبایەوە ڤیزا دەدەن، بەو نرخە فەرمییەی دیاریکراوە.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوە کردووە، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە دێنە نێو عێراق، کە لەلای دەستەی گەشتوگوزاری عێراقەوە تۆمارکراون، جگە لەوەش پشت بە ستیکەرێک دەبەسترێت، کە لە پاسپۆرتی ئەو سەردانیکارانە دەدرێت و خەسڵەتی سەردانی ئایینی هەیە.
هاووڵاتییانی لوبنانیش دەتوانن بۆ چلەی ئیمامی حوسێن، سەردانی عێراق بکەن لە رێگەی وەرگرتنی ڤیزا لە باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.