بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگهیاند، زیادکردنی ناوی 30 هەزار موچەخۆر لە لیستی مووچە “دوورە لە ڕاستییەوە” بهڵكو بۆ مانگی تهموز 577 مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری ئهمشهو له روونكردنهوهیهكدا باسی لهوهكردووه، ئهو ههواڵ و زانیاریانه رهتدهكهنهوه كه “گوایە بە فشاری بەغداد ئەم مانگە ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەموز لابراون”، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیادکراون.
ئاماژهی بهوهشكردووه، زیادکردنی ناوی 30 هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە، لە ڕاستیدا لیستی مووچەی مانگی تەموز بەم جۆرەیە، کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) بریتییە لە ملیۆنێك و 132 ههزار و 390 کەس، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە ملیۆنێك و 132 ههزار و 967 كهس کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دوای وردبینی تەمویلی بۆ خەرج کردوون”.
له روونكردنهوهكهدا هاتووه، لیستی مووچەی مانگی تەموز کە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە (577) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.
ههروهها دهڵێت، “تەمویلی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەموز دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج و لێ دەرکردنی بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کە بڕەکەی 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە، بریتییە لە 956 ملیار و 876 ملیۆن دینار کە ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی مانگەکانی ڕابردوە، کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دوای وردبینی تەمویلەکەی خەرج کردوە.
ئهوهش خراوهتهڕوو، “لەکاتی دووبارە بوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە، لایەنی چەواشەکار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕووبەڕووی دادگاییکردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر هەر کەس و لایەنێک کە هەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە”.