حیزبوڵاى لوبنان ئاشکرایکرد، هێرشى فراوانى مووشەکى بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە و لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل هێرشێکى فراوانى بۆ سەر پێگە و بارەگاکانى حیزبوڵا لە لوبنان دەستپێکردووە.
بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـى 8ـى 2024، حیزبوڵاى لوبنان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ کوشتنى فوئاد شوکور، فەرماندەى سەربازیى حیزبوڵا لە بەیروتى پایتەختى لوبنان، هێرشێکى فراوانى مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە.
روونیشکراوەتەوە، “ئەوەش یەکەم وەڵامدانەوەى ئیسرائیل دەبێت و لە هێرشەکەدا چەند پێگەیەکى گومەزى ئاسنین لە باشوورى فەڵەستینى داگیرکراو بە ژمارەیەکى زۆر مووشەک کراونەتە ئامانج”.
لەبەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکە باس لەوەکراوە، هەروەها لە رێگەى ژمارەیەکى زۆر درۆنەوە لەناو قوڵایى ئیسرائیل چەند ئامانجێکى سەربازیى پێکراون کە دواتر ئاشکرا دەکرێن.
هاوکات، سوپاى ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، زانیارییان هەبووە کە حیزبوڵا هێرشى فراوان ئەنجام دەدات، بۆ راگرتنى ئەوەش هێرشى پێشوەختەیان کردووەتە سەر چەندین پێگە و بارەگا لە لوبنان.
بەگوێرەى زانیارییەکان، سوپاى ئیسرائیل داواى لە دانیشتووانى ئەو ناوچانەى لە لوبنانەوە نزیکن کردووە، ناوچەکانیان جێبهێڵن، هاوکات بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل کۆبوونەوەى کابینەى جەنگیى ئەنجامداوە.
حیزبوڵاى لوبنان لە راگەیەندراوێکى دیکەدا باسى لەوەکردووە، قۆناغى یەکەمى تۆڵەکردنەوەى فوئاد شوکور کۆتایى هات و 320 مووشەکیان گرتووەتە ئیسرائیل، لە رێگەیەوە 11 پێگە و بارەگاى سەربازیى ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.