وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان دەستیپێکردووە لە رێگەی هێڵێکەوە کە بە هەرێمی کوردستان-عێراقدا تێپەڕ نابێت، بەرهەمهێنانی ئێستای نەوتیش کەم بووەتەوە بۆ ١.٥ بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٦ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی بڕێک نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێکردووە و هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق-تورکیا لە چاککردنەوەدایە، کە توانای ئەو هێڵە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە.
بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، تەنیا ١٠٠ کیلۆمەتری هێڵەکە ماوە پشکنینی بۆ بکرێت کە لە هەفتەیەکدا دەکرێت، دوای پشکنین دەتوانرێت نەوتی کەرکووک بەو هێڵەدا راستەوخۆ هەناردە بکرێت بەبێ تێپەڕین بە هەرێمی کوردستان-عێراق.
ئەو لێدوانەی حەیان عەبدولغەنی دوای داوای وەزارەتەکەیەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریى گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی تیمە پسپۆڕەکان دەربڕی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە “هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت.”
هەروەها وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بە کارکردن بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری بانیاس لە سووریا و عەقەبە لە ئوردن کردووە.
بڕیارە لە رێگەی تەنکەرەوە نەوتی عێراق لەو دوو بەندەرەوە هەناردە بکرێت، لە پاش ئەوەی لە ٢٨ـی شوباتەوە تەنگەی هورمز لە کەنداو داخراوە، کە رێگەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراق بوو.
هاوکات حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی ئۆپێک ٤.٤ ملیۆن بەرمیلە، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێستا ١.٥ بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.