بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم راگەیاند، سبەی شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، هەورەبرووسکە و تەزرەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کە ئەمڕۆ سێشەممە 14-03-2023، بڵاویکردووەتەوە، سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی مامناوەند و سەرەتا لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای هەرێم دەستپێدەکات، لە دوای نیوەڕۆوە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە و رێژەی بارانبارین زیاد دەکات و هەورە برووسکە و تەزرەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێی پیشبینییەکانی کەشناسی، لەکاتەکانی شەودا، باران بەلێزمە دەبارێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، سلێمانی، ئیدارەی راپەرین و گەرمیان.