وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای یاسایی (١/١٢) پارە رەوانەی هەرێم كراوە و ناتوانین پارەی زیادە بنێرین و دەشڵێت: لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ ئەو پارانە خەرج دەکرێن.
وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: رێکارەکانی پارەدان بەگوێرەی ئەو چوارچێوە یاسایی و داراییانەی لە دەوڵەتی عێراقدا کارپێکراون ئەنجام دراون.
دەشڵێت: ئەو پارانە بەپێی فەرمانی خەرجکردنی پەسەندکراوی یاسایی (١/١٢) دەدرێن کە خەرجکردنی پارە بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی تۆمارکراو و لە ئێستادا لە لیستی مووچەی پەسەندکراوی وەزارەتدا هاتووە.
ڕاشیگەیاندووە، هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان جیاوازی ناتوانرێت بەپێی میکانیزمی خەرجکردنی ئێستا خەرج بکرێت، چونکە پێویستی بە مۆڵەتی یاسایی و تەرخانکردنی دارایی تایبەت هەیە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم پارانە بەپێی رێکارە دامەزراوەییەکان لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ خەرج دەکرێن.