وەزارەتی دارایی: حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٣٦ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەک نەناردووە

وەزارەتی دارایی: حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٣٦ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەک نەناردووە

شوبات 10, 2026 19:58
وەزارەتی دارایی: حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٣٦ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەک نەناردووە
0

لایک

دوای ناردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق زیاتر لە ٣٦ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی یەک نەناردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی شوبات، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕی (٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتە هەرێمی کوردستان-عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو بڕە پارەیە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هاوکات وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکوومەتی فیدراڵ، لە چوارچێوەی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی مانگانە بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی دروستی دەکات، بۆ ئەم مانگەش بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠) دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە و ڕەوانەی نەکردووە.

وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەی داوە کە ئەو بڕە پارەیە شایستەی دارایی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە ٨ هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانییە کە لە ساڵی ڕابردوودا خانەنشین کراون و لە مانگی کانوونی دووەمدا دۆسیەکانیان تەواو کراوە و داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە، بەڵام بەغداد تەنیا یەک مووچەی بۆ ناردوون و شایستەی مانگەکانی تری بۆ خەرج نەکردوون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە تیمەکانی وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵن و لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە لە نزیکترین کاتدا.

En az 10 karakter gerekli