هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە پڕۆسەیەکی فراوانی کشانەوە لە بنکەی “قەسەرەک” لە گوندەواری باکووری ڕۆژئاوای حەسەکە، کە بە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ناو خاکی سووریا دادەنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، سەرچاوە سوورییەکان ڕایانگەیاند، دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی پڕ لە کەرەستە و سەرباز، بنکەکەیان بەجێ هێشتووە و پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی چۆڵکردنی تەواوەتی بنکەکە چەند هەفتەیەک بخایەنێت. لە ئێستادا تەنیا بنکەی “خەراب ئەلجیر” لە نزیک شارۆچکەی ڕومەیلان لە ژێر دەستی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیماناندا ماوەتەوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیرتری ئەمریکادایە بۆ جێهێشتنی سووریا، کە پێشتریش بنکەکانی (شەدادی، تەنەف و دێرزوور) چۆڵ کراون. واشنتۆن پلانی هەیە سەرجەم هێزەکانی کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠٠ سەربازە، لە سووریا بکێشێتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کشانەوەیە “بەرنامەبۆداڕێژراو و مەرجدارە”. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە چیتر مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا پێویست نییە، چونکە هێزە چەکدارەکانی سووریا بەرپرسیارێتی شەڕی دژی داعشیان گرتووەتە ئەستۆ.