بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی فیدراڵی دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و وتەبێژی حکومەتی هەرێمیش رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بەغداوە، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
رۆژی هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024) پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە میدیاکانی راگەیاند، لە چەند رۆژی ئاییندەدا رێکارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستپێدەکات.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد: لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ئەو پارەیەی لە بەغداشەوە دێت مووچەی مانگی یەکەمی ئەمساڵە.
رۆژی (14ـی کانوونی دووەمی 2024) باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و بە گوێرەی خەرجی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.