وەزیری دارایی عیراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی راگەیاندووە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان-عێراق خەرج دەکرێت.
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 13-08-2024ـی لیژنەی دارایی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، پرسیاری مووچەی فەرمانبەران لە وەزیری دارایی کراوە و ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی “وردبینیی لە لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە تەواو کراوە و لیستەکە نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، تەیف سامی ئاماژەی بەوەش کردووە “لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.
لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، “وربینیی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، پرسیارێکی دیکە کە لە وەزیری دارایی عێراق کراوە، کێشەی نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) بووە و لە وەڵامدا وتوویەتی “وەزارەتی دارایی کێشە نەبوونی نەختینەی نییە و مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بە گشتی و فەرمانبەرانی هەرێمیش هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە”.