وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە وەزارەتەوە نوسراویان ئاڕاستە کردووە بۆ ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بە شێوەی قەرز، بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیاردرا بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕی ئەو 700 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، تاوەکو شایستە داراییەکانی هەرێم بە پشبەستن بە بڕگە و ماددەکانی یاسای بوودجە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ناردنی ئەو بڕە پارەیە بە پشبەستن بە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023ی بودجەی گشتی عێراق ئەنجامدەدرێت، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی هۆشداری حکومەتی عێراقە لە دابینکردنی داواکارییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا رێککەوت بۆ ناردنی بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە شێوەی قەرز و بە سێ گوژمە، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئاب و ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.