سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند؛ بەهۆى نەبوونى موچە و بودجەوە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى خراپدا دەژین و جەختیشیکردەوە کە هەرێمى کوردستان و فەرمانبەرانیش بەشێکن لە عێراق و دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە میانى بەشداریکردنى لە مەراسیمى یادى تیرۆرکردنى محەمەد باقر حەکیم لە وتارێکدا رایگەیاند؛ ئیستا لەبەر نەبوونى بودجە و مووچە لە هەرێمى کوردستان فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێم لە دۆخێکى زۆر خراپدا دەژین و ئەوەش کاریگەریی خراپى کردوەتە سەر هەمو کەرتەکان لە هەرێمى کوردستان
وتیشى: بەرپرسیارێتى چارەسەرکردنى کێشەکانى فەرمانبەران لە ئەستۆى هەمو لایەکدایە و پێویستە ئەم کێشە گەورەیە بە زوویی چارەسەر بکرێت، وتیشى: “هەرێمى کوردستان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش بەشێکن لە عێراق بۆیە داوا لە تەواوى سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان دەکەم پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنى کێشەى بودجە و مووچەى فەرمانبەران”.
هەروەک داواشى کرد بەپێى دەستوورى عێراق یەکسانى لەنێوان هەرێم و پارێزگاکان و پێکهاتەکان بهێنرێتەدى و وتى: جێبەجێکردنى دەستوور وەک خۆى رابردوى جوانى کۆمەڵگەکان دەپارێزێت و ئیستا و داهاتووامان باشتر دەکات.
لەبارەى ئەو هێرشانەى کە دەکرێنەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى باسى لەوەکرد کە ئەو هێرشانە زیانێکى زۆریان بە ئاسایش و خەڵکى هەرێمى کوردستان گەیاندووە و بوونەتە هۆى بڵاوکردنەوەى دڵەڕاوکێ لە هەرێم و عێراقیش وەک هۆکارێکیش ناوى برد بۆ زیادبوونى هێرشەکانى داعش لە ناوچە جیاوازەکان.