وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغداد. دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغداد تاکو گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی و یاسایی و دەستووری بۆ کێشەکان.
رۆژی شەممە 26-03-2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا لەسەر داوای دادگای پاریس، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغداد. لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغداد دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار”.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، عێراق هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم و کەرکوکی وەستاندووە، تورکیاش بە عێراقی راگەیاندووە، رێز لە بڕیاری دادگای فەرەنسا دەگرێت و چیدیکە بێ رەزامەندیی بەغداد رێگە بە هیچ کەشتییەک نادات لە بەندەری جەیهانەوە نەوتی هەرێم بار بکات.
لە هەمان رۆژدا وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای پاریس کرد کە لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاریدا بەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق لە بەندەری جەیهانەوە لەلایەن تورکیا، نایاساییە و دەڵێت، ئەم بڕیارە دەریدەخات کە “وەزارەتی نەوتی [عێراق] لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، تاکە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە”.