شوان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “گفتوگۆی هەرێم و بەغداد بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە بۆ هەمواری یاسای بودجە و پێدانی قەرز بە هەرێم تا کاتی هەمواری یاساکە، هەردوولاشیان لە گفتوگۆدان لەسەر بابەتی نەوت و غاز“.
دەربارەی ناوەڕۆکی بەرەوپێشچوونی شاندی هەرێم و بەغدا، شوان محەمەد وتی، “دەنگی جدی نابیسترێت بۆ دژایەتیکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە. دەنگێکی ئیجابیش هەیە بۆ جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەململانێی سیاسی، رەنگە هەفتەی داهاتوش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی ناردنی پارە بە قەرز بۆ هەرێم بکات“.
ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لە مانگی 3ی ساڵی 2023وەو، لەوکاتەوەی کە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم راگیراوە، چوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت هەرێم داوای شایستە داراییەکانی لە عێراق دەکات و عێراقیش هەرێم بە شاردنەوەی داتا و زانیارییەکان تۆمەتبار دەکات.