پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییان دەستیپێکرد و یەکەم کاروان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی بەغداد.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق لە فڕۆکەخانەی تائیفەوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی بەغداد.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونیکردەوە، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی تائیف و مەدینە دەبێت، ژمارەی گەشتەکان لە 12 و 13ی حوزەیران بۆ دوو گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەبن، دواتر رۆژانە دەبێتە 4 بۆ 6 گەشت، تاوەکو 24ی مانگ بەردەوام دەبێت.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانیش بە رێگەی وشکانی لە شاری مەککەوە بەڕێکەوتن.
هاوکات سەبارەت بە گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان – عێراق، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گەڕانەوە بە رێگەی وشکانی کاژێر 04:00ی بەیانی رۆژی 12ی مانگ دەستپێدەکات، کە لە 1645 حاجی پێکدێن، گەشتی فڕۆکەش 14ی مانگ دەستپێدەکات، تاوەکو 20ی ئەم مانگە ھەموو حاجیان دەگەنەوە کوردستان.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان – عێراق وتی، بەگشتی ژمارەی حاجییانی هەرێم 5136 کەس بوون و کەسێک گیانی لەدەستداوە.