له‌میانه‌ی بەشدارییان لە پرسەی شێخەڵڵا ئیبراهیم پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلول و گوڵان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، داوامان له تیمی یه‌كێتی كردووه، بگه‌ڕێنه‌وه ناو حكومه‌ت.
نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی دوای به‌شداریكردن له پرسه‌ی شێخەڵا ئیبراهیم، ئه‌ندامی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی فراكسیۆنی پارتی كه دوێنێ لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، بۆ رۆژنامه‌نوسان دوا، رایگه‌یاند، “له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوامان له تیمی یه‌كێتی كردووه، بگه‌ڕێنه‌وه ناو حكومه‌ت، پێمانوایه گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی زۆر پێویسته، كێشه هه‌یه له‌ناو حكومه‌تدا و پێویسته له‌ناو حكومه‌تدا چاره‌سه‌ر بكرێن و به دڵنیاییش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه”.
په‌یوه‌ست به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێش ده‌رچوونی مه‌رسموی سه‌رۆكایه‌تی بۆ دیاریكردنی واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، “له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم براده‌ران سه‌ردانی هه‌مو لایه‌نه‌كانیان كردووه و ئه‌و رۆژه‌ی كه دانراوه به مشوره‌ت به هه‌مو لایه‌نه‌كان دانراوه، وه‌كو ئه‌ركی خۆشم ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ بكه‌م و رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌م، هیوادارم هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كان هاوكاربن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا جێبه‌جێ بكرێت”.
له‌باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی وتی، “رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غداد زۆر گرنگه و له مه‌سڵه‌حه‌تی هه‌مو عێراقدایه، ئێمه له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه ته‌ئكیدمان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه كه ده‌بێت حه‌لێكی عێراقیانه هه‌بێت، ئێمه پێشتریش ئاماده‌ی رێككه‌وتن بوین، به‌ڵام حكومه‌ت له به‌غداد حازر نه‌بووه، به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌مجاره حكومه‌ت له به‌غداد رازی بوه و هیوادارین ئه‌م رێككه‌وتنه بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردن به‌زوترین كات، رێككه‌وتن كه له مه‌سڵه‌حه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد و هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراقه”.